ڕۆژی دووشەممە 28ـی 9ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەخێرهێنان و پیرۆزبایی گواستنەوەی كورسیی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و دانانی قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) بە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری سەردانی قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) كرد لە كەنیسەی (ماریوخنا معمدان) لە شارۆچكەی (عەنكاوا)ـی شاری هەولێر و لەگەڵ پاتریارك و ئەنجوومەنی پیرۆز و مەترانەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێو كرد) بە بۆنەی دانانی وەك سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و هەروەها گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە (شیكاگۆ)ـی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان. سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، بڕیاری گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی گرنگ و مێژوویی وەسف كرد كە كاریگەریی ئیجابی لەسەر پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە ناوچەكەدا دەبێت.
سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بە مێژووی دێرینی پێكەوەژیان لە كوردستان كرد و هیوای خواست كە بڕیاری گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ كوردستان ببێتە هۆی قووڵتربوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پەرەسەندنی ڕۆحی برایەتی و تەبایی لەنێوان پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە فەرهەنگی جیاكاری و ئایینی نادرێت و لە نەبوونی جیاكارییەكاندا دەكرێ كۆمەڵگەیەكی تەندروست بنیات بنرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەو نەهامەتی و كارەساتانە كرد كە لەسەر دەستی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق تووشی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق بووە و هەروەها ئاماژەیشی بە وەحشیگەرییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كرد لە دژی پێكهاتە و هاووڵاتیان كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە كوردستان خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەپارێزێت و هەموو لایەك لە كوردستان بە سەربەرزی لە مەرگ و ژیاندا پێكەوە دەبن و پێویستیشە هەموومان لەسەر ئەو نەهجە بڕۆین كە خزمەتی نیشتیمان بكەین و بەسەر مرۆڤایەتیشدا كراوە بین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە دواجار خێر و برایەتی و پێكەوەژیان بەسەر شەڕانگێزی و ئینكاردا سەر دەكەوێت.
لەبەرانبەردا قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) و ئەندامانی (ئەنجوومەنی پیرۆز) سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد و پێزانینیان بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو بۆ یارمەتیدانی مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكانی دیكە. هەروەها ئاماژەیان بەوەیش دا كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی بەرچاوی هاوبەشی و پێكەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە وەك ئەزموونێكی سەركەوتوو سەیر بكرێت و سوودی لێوەربگیرێت. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە لە كوردستان هەموو ئایینەكان لەتەك یەكتر وەك برا دەژیین و ئەوەیش وێنەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەم وڵاتەیە.
لە بەشێكی ئەم دیدارەدا قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) و ئەندامانی (ئەنجوومەنی پیرۆز) ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە پاراستنی پێكهاتەكان و هاووڵاتیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیشیان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ برینداران خواست.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2015 و دوای بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاتریارک گورگیسی سێیەم سڵێوە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و گواستنەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵات لە ئەمەریكاوە بۆ ههولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وهڵامى چهند پرسیارێكى ڕۆژنامهنووسانى دایهوه.
لە وهڵامى پرسیارێكدا گواستنەوە و گەڕانەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە ئەمەریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان دوای هەشتا ساڵ، بە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ هەرێمی كوردستان و كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و پەیڕەوانی ئەو كەنیسەیە لە قەڵەم دا و ئەمەشی بۆ ئارامی و پێكەوەژیانی برایانە و ئاشتیی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە و بە سەرەتایەكی گرنگ و جێی شانازی بۆ هەرێمی كوردستان ناوزهد كرد.
سەبارەت بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەرێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە نزیكەی ملیۆنێك و حەوتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەوەی لە تواناى حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بووبێت بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە كردوویەتی و بەردەوامیش دەبێت لە هاوكاریكردنیان سەرەڕای ئەو بارودۆخە خراپە داراییهی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
دهربارهى ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشانەی لەبەردەم ناردنی نەوت دروست دەكرێن، ڕوونی كردەوە كە تاكە ڕێگە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆڕیی نەوتی توركیایە و كاتێك ئەو بۆڕیەش دەتەقێنرێتەوە یان هەوڵ دەدرێت لەناو توركیا نەوتی لێ دەربهێندرێت، زیانێكی گەورە بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت. هیوای خواست ئەو لایەنانەی ئەم كارانە ئەنجام دەدەن لەوە تێبگەن كە ئەم بۆڕییە نەوتە شادەماری بژێوی خەڵكی كوردستانە و واز لەو كارە ناشرینانە بهێنن و هاوكاربن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو كارە دووبارە نەبێتەوە و هەوڵەكانیشیان لەگەڵ حكوومەتی توركیا بەردەوامە و لە دیدار و كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرساتی توركیا جەختیان لەوە كردووەتەوە زیاتر گرنگیی بەوە بدرێت ئەو بۆڕییە نەوتە بپارێزرێت.
سەبارەت بە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە دوا پەیامی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو پرسەوە ئاشكرایە و هەموو لایەنەكان هەوڵی ئەوە دەدەن بگەن بە ڕێككەوتن و هیوای خواست لە كۆبوونەوەی شەشی مانگی داهاتوودا هەموو لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستاندا بێت.
سەبارەت بە هاتنی بەرێز حسێن شەهرستانی نوێنەری بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمی كوردستان، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە بەڕێز شەهرستانی بە سەردانێكی ئاسایی بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی گواستنەوەی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ هەرێمی كوردستان هاتۆتە هەرێم و كۆبوونەوەشیان لەگەڵی هەبووە.
لەبارەی چاكسازییەكانیشەوە دووپاتی كردەوە كە هەر لە سەرەتای دورتسبوونی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەوان هەوڵیان داوە بەپێی چەند پرۆگرامێك دەست بە چاكسازی بكەن و وەزارەتەكانیش یەك بە یەك خەرێكی چاكسازین و ئەمەشی بە كارێكی پێویست زانی. جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت پرۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت.
لەبارەی لێپرسینەوە و چوونی وەزیرەكانی حكوومەتیشهوه بۆ پەرلەمانی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە بەپێی عورف و یاساكان دەبێت ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەوبارەیەوە وەربگیرێت دواتر وەزیرەكان بچنە پەرلەمان.
دەربارەی ئازادكردنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش و بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لە ئازادكردنەوەی ئەو شارەدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە ئازادكردنی شاری مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان كارێكی گرنگە، چونكە پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا پلانێكی جددی بۆ ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ دانەنراوە و ئێستا بیر لە دانانی ئەو پلانە دەكرێتەوە و هەر كاتێك پلانەكە ئامادە كرا و ئەوان پلانەكەیان بینی، ئەو كات وەك هەرێمی كوردستان بڕیاری بەشداریكردن، یان بەشدارینەكردنی پێشمەرگە لە شەڕی ئازادكردنەوەی مووسڵدا دەدەن.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو بژاردانەی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانهوه لەلایەن خەڵك یان پەرلەمانی كوردستانەوە لەلایەن چوار لایەنەكهوە خراونەتە ڕوو، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند بژاردەكان سەیرن، چونكە باس لەوە دەكەن گەر سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت دەبێت دەسەڵاتێكی كەمی بێت و گەر لەلایەن پەرلەمانیشەوە هەڵبژێردرێت دەستەڵاتێكی زۆری دەبێت، كە پێویستە پێچەوانە بكرێتەوە، چونكە ئەو سەرۆكەی ڕاستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت پێویستە دەستەڵاتی زیاتر بێت لەوەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ شەرعیەت لە گەلەكەیەوە وەردەگرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مەسەلەكە هیچ پەیوەندیی بە بەرێز مەسعوود بارزانییەوە نییە هەروەك لە دوا پەیامیدا باسی كردووە و هیوای خواست بە شێوەیەكی واقعبینانە بیر لە چارەسەری ئەو پرسە بكرێتەوە بەوەی كە بەرژهوەندیی ئێستای هەرێمی كوردستان لەچیدایە، ئەوە ئەنجام بدرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان پێیان وانییە ئەو پێشبینیانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو بە شێوەیەك بن بۆ گەیشتن بە چارەسەر دانرابن و هیوای بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگی خواست بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات